نوێژی حەنا
١ حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
 
٢ «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
 
٣ «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
 
٤ «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
٥ تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
 
٦ «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
٧ یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
٨ ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
 
«لەبەر ئەوەی کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن،
جیهانی لەسەر داناوە.
٩ پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.
 
«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
١٠ نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
هەرەبەرز بەسەریاندا دەگرمێنێت،
یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.
 
«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
١١ ئینجا ئەلقانە گەڕایەوە ڕامە بۆ ماڵی خۆی،
بەڵام منداڵەکە لەلای عێلیی کاهین خزمەتی یەزدانی دەکرد.
کوڕە بەدکارەکانی عێلی
١٢ کوڕەکانی عێلیش بەدکار بوون و یەزدانیان نەدەناسی.
١٣ بەپێی ڕێوڕەسمی کاهینیێتی لەگەڵ گەل،
کاتێک هەرکەسێک قوربانییەکی پێشکەش دەکرد،
خزمەتکاری کاهینەکە لە کاتی لێنانی گۆشتەکە دەهات و چەنگاڵێکی سێ ددانی لەدەست بوو،
١٤ دەیکرد بەناو لەگەنەکە یان دەفرەکە یان تاوەکە یان مەنجەڵەکە.
هەرچی بەسەر چەنگاڵەکەوە دەبوو،
کاهین بۆ خۆی دەبرد.
لە شیلۆ بەم شێوەیان دەکرد لەگەڵ هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی دەهاتنە ئەوێ.
١٥ هەروەها پێش ئەوەی پیوەکە* بسووتێنن،
خزمەتکارەکەی کاهین دەهات و بەو پیاوەی دەگوت کە قوربانییەکەی کردبوو:
«گۆشت بدە بە کاهین بۆ برژاندن،
چونکە گۆشتی کوڵاوت لێ وەرناگرێت،
بەڵکو تەنها خاو.»
١٦ پیاوەکەش پێی دەگوت:
«با یەکەم جار پیوەکە بسووتێنرێت،
پاشان هەرچی ئەوەی ئارەزووی دەکەیت بیبە.»
ئەویش دەیگوت:
«نا،
بەڵکو ئێستا دەیدەیت،
ئەگەر نا،
بە زۆر دەیبەم.»
١٧ جا گوناهی هەرزەکارەکان لەبەردەم یەزدان زۆر گەورە بوو،
چونکە خەڵکی سووکایەتییان بە پێشکەشکراوی یەزدان دەکرد.
١٨ بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو.
١٩ دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد.
٢٠ عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی:
«یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.»
ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان.
٢١ جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە،
سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو.
لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.
٢٢ عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد.
٢٣ جا لێی پرسین:
«بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟
لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە.
٢٤ نەخێر کوڕەکانم،
ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە.
٢٥ ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناە بکات،
خودا ناوبژیوانی دەکات،
بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناە بکات،
کێ داکۆکیی لێ دەکات؟»
بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت،
چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت.
٢٦ بەڵام ساموئێلی منداڵ بەردەوام بوو لە گەشەکردن،
یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون.
پێشبینی سەبارەت بە بنەماڵەی عێلی
٢٧ ئینجا پیاوێکی خودا هات بۆ لای عێلی و پێی گوت:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”ئایا من بە ئاشکرا خۆمم بۆ ماڵی باوکت دەرنەخست،
کاتێک لە میسر لە ماڵی فیرعەون بوون؟
٢٨ لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەڵمبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاهینم،
سەربکەوێت بۆ سەر قوربانگاکەم،
بخوورم بۆ بسووتێنێت و لەبەردەممدا ئێفۆد لەبەر بکات.
من هەموو قوربانییە بە ئاگرەکانی نەوەی ئیسرائیلم بە ماڵی باوکت دا.
٢٩ ئیتر بۆچی سووکایەتی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکەم دەکەن،
ئەوەی لە نشینگەکەدا فەرمانم پێی کردووە؟
بۆچی لە من زیاتر ڕێز لە کوڕەکانت دەگریت،
بە یەکەم بەری هەموو پێشکەشکراوەکانی ئیسرائیلی گەلەکەم خۆتان قەڵەو دەکەن؟“
٣٠ «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت:
”بێگومان من فەرمووم،
ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“
بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت:
”لە من بەدوور بێت!
ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم،
ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن.
٣١ ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم،
لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری.
٣٢ تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت،
سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت،
هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری.
٣٣ هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە،
هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن.
٣٤ «”ئەمەش نیشانەیە بۆت،
بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت،
بەسەر حۆفنی و فینەحاس،
لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن.
٣٥ کاهینێکی دڵسۆز* بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم* بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات.
٣٦ هەرکەسێکیش کە لە بنەماڵەکەت دەمێنێتەوە دێت تاکو بۆ پارچە زیوێک و کولێرەیەک کڕنۆش بۆ ئەو کاهینە ببات،
دەڵێت:
’ئەرکێکی کاهینیێتیم پێ بسپێرە بۆ ئەوەی بتوانم کولێرەیەک بخۆم.‘
 “»