یەکەم ساموئێل
لەدایکبوونی ساموئێل
١ پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم،
ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو.
٢ دوو ژنی هەبوو،
یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو،
پەنینا منداڵی هەبوو،
بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
٣ ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون،
کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو.
٤ جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات،
٥ بەڵام دوو بەشی دایە حەنا،
چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو.
٦ هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات،
چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو.
٧ ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا دەچووە ماڵی یەزدان،
هەوێیەکەی وای دەکرد و ئاوا پەستی دەکرد،
بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد.
٨ ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت:
«حەنا،
بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟
بۆچی دڵگرانیت؟
ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
٩ لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە،
حەنا هەستا،
عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو.
١٠ حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان.
١١ حەنا نەزرێکی* کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار،
ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە،
کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت،
ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
١٢ ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد،
١٣ حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا،
عێلی وای زانی سەرخۆشە.
١٤ جا پێی گوت:
«هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟
شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
١٥ حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی:
«نەخێر گەورەم،
من ژنێکی دڵتەنگم،
شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە،
بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم.
١٦ کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە،
لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم،
هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
١٧ عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی:
«بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
١٨ حەناش گوتی:
«با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.»
ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
١٩ بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە،
هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە.
ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە.
٢٠ ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو،
کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل و گوتی:
«داوام لە یەزدان کرد.»
حەنا ساموئێل تەرخان دەکات
٢١ ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی.
٢٢ بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت:
«پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە،
دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
٢٣ ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت:
«خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە،
تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.»
جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
٢٤ پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە،
لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە* ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ،
کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو.
٢٥ ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی،
٢٦ حەنا گوتی:
«گەورەم!
منت لە یادە؟
دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان،
٢٧ لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد.
٢٨ لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان،
بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.»
ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.