بتەکانی میخا
١ پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا،
٢ بە دایکی گوت:
«ئەو هەزار و سەد شاقل* زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد،
ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»
دایکیشی گوتی:
«یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»
٣ کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە،
دایکی گوتی:
«بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم،
بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو.
ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»
٤ جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی،
دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی* برد و دای بە زیوگەرێک،
ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.
٥ جا میخا بتخانەی هەبوو،
ئێفۆد* و بتی* دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی.
٦ لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو،
هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.
٧ گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا،
خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو.
٨ لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت.
کاتێک بەڕێوە بوو،
هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.
٩ میخاش پێی گوت:
«لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش گوتی:
«من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»
١٠ میخاش پێی گوت:
«لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم،
لە ساڵێکدا دە شاقل* زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.»
جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و
١١ ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە،
گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی.
١٢ ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا.
١٣ جا میخا گوتی:
«ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات،
چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»