شەمشون ژن دەهێنێت
١ ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی.
٢ جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت:
«ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»
٣ دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە:
«ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە،
هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟»
شەمشونیش بە باوکی گوت:
«ئەوم بۆ بهێنە،
چونکە ئەوم بەدڵە.»
٤ دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە،
کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان،
چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.
٥ ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند.
٦ جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد،
ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو.
کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی.
٧ ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.
٨ پاش چەند ڕۆژێک،
کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت،
لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت،
تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین.
٩ جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد.
ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی،
بەشی دان و خواردیان،
پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.
١٠ ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد،
چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو.
١١ جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.
١٢ ئینجا شەمشون پێی گوتن:
«مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم،
١٣ بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.»
ئەوانیش گوتیان:
«مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»
١٤ ئەویش وەڵامی دانەوە:
«لە بخۆر،
خواردن هاتە دەرەوە،
لە بەهێزیش،
شیرینی.»
ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.
١٥ لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت:
«مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت،
ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین.
داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟»
١٦ ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی:
«تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت.
مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.»
ئەویش پێی گوت:
«تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە،
ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟»
١٧ بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت،
چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.
١٨ جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت:
«چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و
لە شێر بەهێزترە؟»
ئەویش پێی گوتن:
«ئەگەر بە گوێرەکەکەم* نەتاندەکێڵا،
مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»
١٩ ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە.
پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی.
٢٠ ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.