یەفتاح و ئەفرایم
١ ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت:
«بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟
لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
٢ یەفتاحیش وەڵامی دانەوە:
«من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو،
کاتێک بانگم کردن،
ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم.
٣ کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن،
گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە.
ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
٤ ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند،
چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان:
«ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.»
٥ گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت،
لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە:
«لێمگەڕێن با تێپەڕم،»
پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت:
«تۆ ئەفرایمیت؟»
ئەگەر دەیگوت:
«نەخێر،»
٦ پێیان دەگوت:
«باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“»
ئەویش دەیگوت:
«سیبۆلەت،»
چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت.
ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت.
لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
٧ لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
ئیبسان و ئێلۆن و عەبدۆن
٨ پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێت‌لەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
٩ سی کوڕ و سی کچی هەبوو،
کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا.
ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
١٠ پاشان مرد و لە بێت‌لەحم نێژرا.
١١ پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و
١٢ پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
١٣ پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و
١٤ چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون.
هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
١٥ ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.