خونچەکردنی گۆچانی هارون
١ یەزدان بە موسای فەرموو:
٢ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە،
بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک،
لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و
٣ ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت،
چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە.
٤ لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ،
لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە.
٥ جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات،
ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»
٦ ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد،
هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ،
دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان،
گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو.
٧ جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.
٨ بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە،
خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە.
٩ جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل،
تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.
١٠ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان،
بۆ ئەوەی بپارێزرێت و یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن.
بەو شێوەیە چیتر بۆڵەبۆڵم بەسەردا ناکەن،
تاکو نەمرن.»
١١ موساش ئاوای کرد،
هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.
١٢ ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت:
«ئێمە لەناوچووین و ون بووین،
هەموومان ون بووین!
١٣ هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن،
ئایا هەموومان لەناودەچین؟»