قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا
١ مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد،
لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی،
چونکە ژنێکی کوشی* خواستبوو.
٢ جا گوتیان:
«ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە،
باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟»
یەزدانیش گوێی لێبوو.
٣ (موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)
٤ جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو:
«ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.»
ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە.
٥ یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا،
بانگی هارون و مریەمی کرد،
هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون.
٦ جا فەرمووی:
«باش گوێ لە قسەم بگرن:
«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
٧ بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
٨ ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
٩ جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
١٠ کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول* بوو،
وەک بەفر سپی هەڵگەڕا،
جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە.
١١ هارون بە موسای گوت:
«گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد،
١٢ تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»
١٣ موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی:
«خودایە،
تکایە چاکی بکەوە.»
١٤ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد،
ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟
با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.»
١٥ جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.
١٦ پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.