فەرمانی ڕۆژی شەممە
١ موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن:
«ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن،
٢ شەش ڕۆژ کار دەکرێت،
بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز،
پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان،
ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت.
٣ لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
کەلوپەلەکانی چادری پەرستن
٤ هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت:
«ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
٥ لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن،
هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت:
 
«لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛
٦ ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،
کەتانی ناسک و مووی بزن؛
٧ پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو و پێستی مانگای دەریا
و داری ئەکاسیا؛
٨ زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛
بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛
٩ بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
 
١٠ «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە:
 
١١ «چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛
١٢ سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛
١٣ مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛
١٤ چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛
١٥ قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛
پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛
١٦ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی،
دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی
و حەوزەکە و ژێرەکەی؛
١٧ پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛
١٨ سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛
١٩ جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا،
جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
 
٢٠ ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە.
٢١ دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی،
هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان.
٢٢ هەموو پیاوان و ژنان هاتن،
هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا،
هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە.
٢٣ هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،
کەتانی ناسک،
مووی بزن،
پێستی بەران کە بە ڕەنگی سوور ڕەنگکرابوو،
یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای.
٢٤ کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد،
کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا.
٢٥ هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش ڕیسی بەدەست ڕست و ڕیسەکەی هێنا،
ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک.
٢٦ هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست.
٢٧ سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا.
٢٨ هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش.
٢٩ هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن،
هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب
٣٠ موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت:
«بڕوانن،
یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە،
٣١ لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک،
٣٢ بۆ داهێنانی داهێنانەکان،
بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز،
٣٣ بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد،
بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک.
٣٤ فێرکردنیشی لە دڵی داناوە،
ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە.
٣٥ پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک،
تاشین و داهێنان،
چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ،
کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن،
وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.