قوربانگای قوربانی سووتاندن
١ «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە،
درێژییەکەی پێنج باڵ* و پانییەکەی پێنج باڵ بێت،
قوربانگاکە چوارگۆشە بێت،
بەرزاییەکەشی سێ باڵ* بێت.
٢ قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت،
قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە.
٣ تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز،
تاس*،
چەنگاڵ،
مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە.
٤ کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز،
لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە.
٥ بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت.
٦ دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە.
٧ دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە،
ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی.
٨ قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت.
هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.
حەوشەی چادرەکەی پەرستن
٩ «حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە،
بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ* بۆ یەک لا،
١٠ کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت.
قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
١١ ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن،
کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت.
قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.
١٢ «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ* و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە.
١٣ لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ.
١٤ چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ*،
کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
١٥ بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ،
کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.
١٦ «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ* درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو،
چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن.
١٧ هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن.
١٨ درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ* و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن.
١٩ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن،
بە هەر شێوەیەک بەکاردێت،
لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە،
دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.
زەیت بۆ چرادانەکە
٢٠ «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن،
هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.
٢١ لەناو چادری چاوپێکەوتن* لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە*،
هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن،
فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.