بینینی تەختی پاشایانەی خودا
١ پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم* ، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» ٢ دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. ٣ ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. ٤ لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. ٥ لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. ٦ لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.
لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. ٧ بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. ٨ چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:
«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
٩ هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاس دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتووی سەر تەختەکەیە، ئەوەی هەتاهەتایە زیندووە، ١٠ بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
١١ «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،
چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،
بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»