دووەم نامەی یۆحەنا
١ لە پیرەکەوە* ،
بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، ٢ لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:
٣ با نیعمەت* و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵ بێت.
ڕاستی و خۆشەویستی
٤ زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ٥ ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم، با یەکتریمان خۆشبوێ. ٦ خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەمەیە، کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.
ئاگاداری گومڕاییکاران بن
٧ چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەمانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ٨ ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. ٩ هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. ١٠ ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن، ١١ چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.
کۆتایی
١٢ زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.
١٣ منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت* سڵاوت لێدەکەن.