قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان
١ تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. ٢ ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. ٣ بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە. ٤ چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.
٥ لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی:
[بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.
٦ بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.
٧ ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە،
تاکو بە‏خواستی تۆ کار بکەم، ئەی خودا.»]*
٨ لە سەرەوە فەرمووی: [تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،] ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت، ٩ ئینجا مەسیح فەرمووی: [ئەوەتا هاتم تاکو بە خواستی تۆ کار بکەم.] یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ* . ١٠ بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.
١١ هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. ١٢ بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، ١٣ لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، ١٤ چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.
١٥ ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:
١٦ [یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە
لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،
«فێرکردنەکانم* دەخەمە ناو دڵیان و
لەناو مێشکیان دەینووسم.»]*
١٧ پاشان دەفەرموێت:
[لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.]*
١٨ لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.
١٩ بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، ٢٠ بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، ٢١ لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا* دەکات، ٢٢ هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا* تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا. ٢٣ با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە. ٢٤ هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. ٢٥ با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.
٢٦ ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، ٢٧ بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات. ٢٨ ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرێت. ٢٩ بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟ ٣٠ لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: [تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.]* هەروەها: [یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.]* ٣١ کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
٣٢ ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. ٣٣ هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. ٣٤ هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.
٣٥ کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، ٣٦ چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، ٣٧ چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت،
[ئەوەی دێت، دێت و دواناکەوێت.
٣٨ ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت،
هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە،
ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.]*
٣٩ جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕانەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.