عیسا پایەبەرزترە لە موسا
١ کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆک کاهینی دانپێدانانمانە. ٢ ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. ٣ عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. ٤ لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک یەکێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. ٥ موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. ٦ بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا* دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی
٧ لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
٨ دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
٩ لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە* ،
هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
١٠ لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
ڕێگای منیان نەناسی.»
١١ بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»]*
١٢ خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. ١٣ بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،]* تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. ١٤ بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر تاکو کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. ١٥ وەک چۆن گوتراوە:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.]*
١٦ جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ ١٧ خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ ١٨ خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ ١٩ هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕی نەیانتوانی بچنە ژوورەوە.