نامەی پۆڵس بۆ تیتۆس
کورتە باسێک
تیتۆس باوەڕدارێکی بە ڕەچەڵەک یۆنانی بووە. کاتێک پۆڵس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گەورە پیاوانی کڵێسا لە ئەنتاکیاوە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو، تیتۆسی لەگەڵ بوو (گەلاتیا ٢‏:١‏-٣‏‏). پۆڵس پەسەندکردنی تیتۆس لەلایەن ڕابەرانی کڵێساوە وەک یەکێک لە باوەڕداران و بەبێ خەتەنەکردن، وەک بەڵگە دەهێنێتەوە کە مزگێنی مەسیح بەبێ جیاوازی بۆ هەموو نەتەوەکانە (گەلاتیا ٢‏:٣‏-٥‏‏). لەوانەیە لە گەشتی سێیەمی پۆڵسدا لەگەڵی بووبێت لە ئەفەسۆس. پۆڵس تیتۆسی لە ئەفەسۆسەوە ناردووە بۆ خزمەتکردن لە کۆرنسۆس (دووەم کۆرنسۆس ٧‏:٥‏-٦ و ٨‏:٦‏‏). تیتۆس بووە نێردراوی پۆڵس لە دوورگەی کریت بۆ سەرپەرشتیکردنی کڵێساکانی ئەوێ، کە دەکەوێتە باشووری یۆنان و لەو سەردەمەدا بە بەڕەڵایی بەناوباگ بووە (١‏:١٢‏‏).
پۆڵس لە نزیک ساڵانی (٦٣–٦٥ ز.) لە کۆرنسۆسەوە ئەم نامەیەی نووسیوە بە مەبەستی هاندان و ڕێنماییکردنی سەرپەرشتیاری کڵێسای دوورگەی کریت (١‏:٥‏‏) لە بەرامبەر ئەوانەی دژایەتی ئەو دەکەن. هەروەها هاندانی بۆ ئەوەی «لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.» (٢‏:٧‏-٨‏‏). ئەم نامەیە لە چەند بەشێکدا دەردەکەوێ:
١. ڕێنمایی بۆ هەڵبژاردنی پیران (١‏:٥‏-٩‏‏).
٢. دژایەتی فێرکردنی مامۆستایانی درۆزن (١‏:١٠‏-١٦‏‏).
٣. فێرکردن سەبارەت بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و بنەماکانی ژیانی باوەڕدار (٢‏:١‏-١٥‏‏).
٤. ڕزگاری لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە (٣‏:١‏-٨‏‏).
٥. دوورکەوتنەوە لە قسەی پووچ (٣‏:٩‏-١١‏‏).