دایک و باوک و منداڵ
١ ئەی منداڵان،
ئێوە وەک شوێنکەوتەی مەسیحی باڵادەست،
گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن،
چونکە دروستەکەی ئەوەیە.
٢ ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.
﴾ ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت
٣ ﴿بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.﴾*
٤ ئێوەش ئەی باوکان،
منداڵەکانتان تووڕە مەکەن،
بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.
کۆیلە و گەورەکانیان
٥ ئەی کۆیلەکان،
بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی،
وەک بۆ مەسیح بێت،
٦ نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن،
بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن.
٧ با خزمەتتان لە دڵەوە بێت،
وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی،
٨ چونکە دەزانن عیسای خاوەن شکۆ پاداشتی هەرکەسێک دەداتەوە کە کاری چاک دەکات،
جا کۆیلە بێت یاخود ئازاد.
٩ ئێوەش ئەی گەورەکان،
هەمان شتیان بۆ بکەن،
واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن،
بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە،
ئەویش لایەنگری ناکات.
چەکی تەواوی خودا
١٠ لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن.
١١ بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن،
تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن،
١٢ چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە،
بەڵکو لە دژی سەرۆک و دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایانی ئەم جیهانە تاریکەیە،
هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان.
١٣ بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن،
تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک،
بچەسپێن.
١٤ بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و زرێی* ڕاستودروستی بە سنگتانەوە،
١٥ ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنیی ئاشتی*،
١٦ لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن،
بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە.
١٧ هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە.
١٨ بە هەموو جۆرە نوێژ و پاڕانەوەیەک،
هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن.
بۆ ئەمەش ئێشک بگرن و بە بەردەوامی بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا بپاڕێنەوە.
١٩ نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ و ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم.
٢٠ من لێرە باڵوێزی ئینجیلم،
هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم،
نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.
 
سڵاوی کۆتایی
٢١ تیخیکۆس کە برایەکی خۆشەویست و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح خزمەتکارێکی دڵسۆزە،
هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم.
٢٢ بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان،
تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.
 
٢٣ لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە،
ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران.
 
٢٤ نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی پەروەردگاری ئێمەیان خۆشدەوێت.