١ وەک هاوکاری خوداین، لێتان دەپاڕێینەوە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، ٢ چونکە دەفەرموێ:
[لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.]*
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس
٣ لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، ٤ بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، ٥ لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوونی و شەونخونی و برسیێتی، ٦ بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، ٧ لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی بۆ دەستە ڕاست و چەپ، ٨ بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، ٩ وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، ١٠ وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
١١ ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. ١٢ ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. ١٣ ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو
١٤ لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا* مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ ١٥ چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا* هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ ١٦ پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
[تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.]*
١٧ [یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.]*
١٨ [یەزدانی هەرە بە توانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.]*