بەرگری پۆڵس
١ «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» ٢ کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.
ئەویش گوتی: ٣ «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی* گەمالائیل بە توندی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. ٤ شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، ٥ وەکو سەرۆک کاهین و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم بۆ برایانی دیمەشق لەوان وەرگرت، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.
٦ «ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. ٧ کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“
٨ «وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“
«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ٩ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
١٠ «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»
«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەوەی بۆت دانراوە بیکەیت، پێت دەگوترێ.“ ١١ جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.
١٢ «پیاوێک بە ناوی حەنانیا، بەگوێرەی تەورات لەخواترس، هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. ١٣ هاتە لام، وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.
١٤ «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە* ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، ١٥ چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. ١٦ ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“
١٧ «ئەوە بوو کە بۆ ئۆرشەلیم گەڕابوومەوە و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، ١٨ مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“
١٩ «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. ٢٠ کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“
٢١ «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ دوور دەتنێرم، بۆ نەتەوەکان.“»
٢٢ هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»
٢٣ ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. ٢٤ فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.
پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە
٢٥ کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» ٢٦ کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»
٢٧ فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»
گوتی: «بەڵێ.»
٢٨ فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»
پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»
٢٩ ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.
٣٠ بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.