کرداری نێردراوان
کورتە باسێک
پەڕتووکی کرداری نێردراوان تەواوکەری مژدەیە بەگوێرەی نووسینی لۆقا و سەربوردەی بەردەوامی کارەکانی عیسایە. سەرچاوەیەکی مێژووییە و بە تایبەتی باس لە پەرەسەندنی کڵێسا دەکات. لە پێشەکی پەڕتووکی مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا شتێکی کورت لەسەر کەسایەتی لۆقا باسکراوە.
باسی قۆناغەکانی دروستبوونی کڵێسا دەکات، سەرەتای لەدایکبوونی کڵێسا و بڵاوبوونەوەی لە فەلەستین و دواتریش گەشەکردن و پەرەسەندنی لە دەریای ناوەڕاست تاکو شاری ڕۆما، هەروەها بەڵێنی مەسیح بەوەی «کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.» (١‏:٨‏‏) باسی هەر سێ قۆناغەکە دەکات:
١. شایەتیدانی قوتابییەکان لە ئۆرشەلیم (١‏:١‏–٧‏:٦٠‏‏).
٢. شایەتیدانی قوتابییەکان لە یەهودیا و سامیرە (٨‏:١‏–١٢‏:٢٥‏‏).
٣. شایەتیدانی قوتابییەکان هەتا ئەوپەڕی زەوی (١٣‏:١‏–٢٨‏:٣١‏‏).
هەروەها باسی ئەوە دەکات چۆن ڕۆحی پیرۆز لە ڕۆژی پەنجایەمین هاتە سەریان و شایەتییان بۆ نەتەوەکان دا، هاتنەدی بەڵێنەکەی عیسا بوو، ئەمە دەستپێکێکی گەورە بوو بۆ کڵێسا. گرنگی تایبەتیشی داوە بە خزمەت و وتارەکانی پەترۆس و ستیفانۆس و پۆڵس.