چەورکردنی عیسا بۆ مردن
١ شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. ٢ لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. ٣ مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
٤ یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: ٥ «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» ٦ ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.
٧ عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، ٨ چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
٩ کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. ١٠ ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، ١١ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
کەژاوەی پاشایانە
١٢ بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. ١٣ لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:
«هۆسانا!* [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!]* »
«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»
١٤ عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:
١٥ [ئەی شاری سییۆن* مەترسە،
ئەوەتا پاشاکەت دێت
بە سواری جاشی ماکەرێک.]*
١٦ سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا* ، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراوە، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کرد.
١٧ هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. ١٨ لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. ١٩ فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن ئێوە هیچتان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»
مردن دەرگایە بۆ ژیان
٢٠ هەندێک یۆنانی* لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن، ٢١ ئەمان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» ٢٢ فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.
٢٣ عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. ٢٤ ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. ٢٥ ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتاییە ژیانی دەپارێزێت. ٢٦ ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»
عیسا باسی مردنی خۆی دەکات
٢٧ «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە* ڕزگارم بکە“؟ نەخێر بەڵام من بۆ ئەم کاتە هاتووم. ٢٨ ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»
جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» ٢٩ ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو، گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»
٣٠ عیسا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. ٣١ ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. ٣٢ کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» ٣٣ ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.
٣٤ خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
٣٥ عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. ٣٦ باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
٣٧ هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، ٣٨ تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:
[ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟]*
٣٩ لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
٤٠ [چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.]*
٤١ ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
٤٢ هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، ٤٣ چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
ڕووناکی باوەڕ
٤٤ عیساش هاواری کرد و فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، ٤٥ ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. ٤٦ من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
٤٧ «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. ٤٨ ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. ٤٩ من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکە کە ناردوومی ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. ٥٠ دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە، جا هەرچی دەیڵێم، چۆن باوک پێی فەرمووم ئاوا دەڵێم.»