مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا
کورتە باسێک
یۆحەنای کوڕی زەبدی، برای یاقوب، ناسراو بە هەورەتریشقە، ماسیگرێک بوو لە جەلیل. بووە یەکێک لە قوتابییەکانی عیسا کە پەیوەندییەکی تایبەتی بەهێزی لەگەڵ هەبووە، وا باسی خۆی دەکات کە خۆشەویستی عیسا بووە (بڕوانە یۆحەنا ١٩‏:٢٦).‏‏ لە نزیکەی ساڵانی (٨٥‏–٩٠ ز.) لەدوای کاولبوونی ئۆرشەلیم، بەر لە دوورخستنەوەی بۆ دوورگەی پەتمۆس بە سروشی ڕۆحی پیرۆز مژدەی شانشینی خودا و سەربوردەی ژیانی عیسای نووسییەوە.
بۆ ئەوانە دەنووسێ کە تازە باوەڕیان هێناوە، هەروەها بۆ کەسانی بێباوەڕ کە بەدوای خودا دەگەڕێن، هەتا باوەڕ بهێنن: «ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.» (٢٠‏:٣١‏‏). بۆ سەلماندنی پەیامەکەی حەوت پەرجووی (موعجیزە) عیسای هەڵبژاردووە:
١. گۆڕینی ئاو بۆ شەراب، لە شایی لە قانا (٢‏:١‏-١٢‏‏).
٢. چاککردنەوەی کوڕی کاربەدەستێکی پاشا (٤‏:٤٣‏-٥٤‏‏).
٣. چاککردنەوەی نەخۆشێک لە حەوزی بێت‌حەسدا (٥‏:١‏-١٦‏‏).
٤. تێرکردنی پێنج هەزار کەس (٦‏:١‏-١٥‏‏).
٥. ڕۆیشتن بەسەر ئاودا (٦‏:١٦‏-٢١‏‏).
٦. چاککردنەوەی کەسێکی بە زگماک نابینا (٩‏:١‏-٤١‏‏).
٧. زیندووکردنەوەی لەعازر (١١‏:١‏-٤٤‏‏).
هەروەها گرنگی بە مردنی مەسیح دەدات، چونکە نیوەی پەڕتووکەکە (لە بەشی ١٢‏–٢١) باسی دوایین شەش ڕۆژی ژیانی مەسیح دەکات. زۆربەی ئەو بابەتانەی یۆحەنا نووسیویەتی لە مزگێنیی نووسەرەکانی دیکەدا نەهاتووە.