نموونەی مەڕە ونبووەکە
١ هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. ٢ جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»
٣ عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: ٤ «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ ٥ کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و ٦ دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ ٧ پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست* کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.
نموونەی درهەمە ونبووەکە
٨ «یان چ ئافرەتێک دە درهەمی* هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟ ٩ کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“ ١٠ پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»
نموونەی کوڕە ونبووەکە
١١ ئینجا فەرمووی: «کابرایەک دوو کوڕی هەبوو. ١٢ بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ”باوکە، چیم بەردەکەوێ لە بەشە میراتی خۆم، بمدەرێ.“ ئەویش ماڵەکەی بۆ دابەشکردن.
١٣ «دوای چەند ڕۆژێک، کوڕە بچووکەکە هەموو شتەکانی کۆکردەوە و بەرەو وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، لەوێ ماڵەکەی لەسەر ڕابواردن دانا. ١٤ لەدوای ئەوەی هەمووی خەرجکرد، قاتوقڕی گەورە کەوتە ناوچەکە، لەبەر ئەوە تووشی نەبوونی هات. ١٥ ئیتر هانای بۆ هاوڵاتییەکی ناوچەکە برد، ئەویش ناردییە کێڵگەکانی بۆ لەوەڕاندنی بەراز. ١٦ حەزی دەکرد بەو خڕنووکە سکی خۆی تێر بکات کە بەرازەکان دەیانخوارد بەڵام کەس هیچی پێنەدەدا.
١٧ «ئینجا بە هۆش خۆی هاتەوە و گوتی: ”ئاخۆ چەند کرێکاری باوکم نانیان لەبەر دەمێنێتەوە، منیش لێرە وا لە برسان دەمرم. ١٨ هەڵدەستم دەچمەوە لای باوکم، پێی دەڵێم: باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد. ١٩ ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم، بمکە بە کرێکارێکی خۆت.“ ٢٠ جا هەستا و گەڕایەوە لای باوکی.
«هێشتا دوور بوو باوکی ئەوی بینی و دڵی بۆی سووتا، ڕایکرد و باوەشی پێداکرد و ماچی کرد.
٢١ «کوڕەش پێی گوت: ”باوکە، لە دژی ئاسمان و بەرامبەری تۆ گوناهم کرد، ئیتر شایانی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم.“
٢٢ «بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارانی خۆی گوت: ”خێرا باشترین جلوبەرگ بهێنن و لەبەری بکەن، ئەنگوستیلەیەک بکەنە پەنجەی و پێڵاویش بۆ پێی. ٢٣ گوێرەکە قەڵەوەکەش بهێنن و سەری ببڕن، با بخۆین و دڵخۆش بین، ٢٤ چونکە ئەم کوڕەم مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“ جا دەستیان بە ئاهەنگ گێڕان کرد.
٢٥ «کوڕە گەورەکە لە کێڵگە بوو، کە هاتەوە و لە ماڵ نزیک بووەوە، گوێی لە مۆسیقا و هەڵپەڕکێ بوو. ٢٦ یەکێک لە خزمەتکارانی بانگکرد و پرسیاری کرد، ”ئەمە چییە؟“ ٢٧ پێی گوت: ”براکەت گەڕاوەتەوە، باوکیشت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی، چونکە بە ساغ و سەلامەتی گەڕاوەتەوە.“
٢٨ «کوڕە گەورەکە تووڕە بوو و نەیویست بچێتە ژوورەوە. ئیتر باوکی هاتە دەرەوە و تکای لێکرد. ٢٩ بەڵام ئەو وەڵامی باوکی دایەوە: ”ئەوەتا ئەو هەموو ساڵە کۆیلایەتیت بۆ دەکەم و هەرگیز لە فەرمانت دەرنەچووم، تەنانەت کاریلەیەکت نەدامێ تاکو لەگەڵ هاوڕێیەکانم پێی دڵخۆش بم. ٣٠ بەڵام کاتێک ئەم کوڕەت هاتەوە، ئەوەی ماڵەکەتی لەگەڵ لەشفرۆشان لووش دا، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆی سەربڕی.“
٣١ «ئەویش پێی گوت: ”کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵ منی، هەرچیم هەیە هی تۆیە. ٣٢ بەڵام پێویستە دڵخۆش و شاد بین، چونکە ئەم برایەت مردوو بوو و زیندوو بووەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە.“»