گەورەی ڕۆژی شەممە
١ لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. ٢ هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟»
٣ عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ ٤ چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی* برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟»* ٥ ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ خۆی گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
٦ لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. ٧ مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. ٨ بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.
٩ عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری باش یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی کەسێک یان لەناوبردنی؟»
١٠ چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. ١١ بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.
دوازدە نێردراوەکە
١٢ لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە چیا تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. ١٣ کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: ١٤ شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب و یۆحەنا، فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، ١٥ مەتا و تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی و شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم* ، ١٦ یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.
١٧ ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، ١٨ هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. ١٩ هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.
٢٠ ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:
«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
٢١ خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
چونکە تێر دەبن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
چونکە پێدەکەنن.
٢٢ خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی ڕقی لێتان دەبێتەوە و
کاتێک جیاتان دەکەنەوە، جنێوتان پێدەدەن و
بە بەدکار ناوتان دەبەن، لەبەر کوڕی مرۆڤ.
٢٣ «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
٢٤ «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
٢٥ قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
چونکە ئێوە برسی دەبن.
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
٢٦ قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.
دوژمنەکانتان خۆشبوێ
٢٧ «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، ٢٨ ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. ٢٩ ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. ٣٠ هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. ٣١ چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.
٣٢ «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. ٣٣ ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. ٣٤ ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. ٣٥ بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. ٣٦ بە بەزەیی بن، وەک باوکتان بە بەزەییە.
خەڵکی تاوانبار مەکەن
٣٧ «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. ببەخشن، خودا دەتانبەخشێت. ٣٨ بدەن، پێتان دەدرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
٣٩ نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕابەرایەتی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ ٤٠ قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت.
٤١ «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ ٤٢ چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: ”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“ لەکاتێکدا تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.
ناسین بە بەرهەم
٤٣ «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات. ٤٤ هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە. ٤٥ مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
ئەو خانووەی بناغەکەی لە بەردە
٤٦ «بۆچی بە ”گەورەم، گەورەم!“ ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟ ٤٧ ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت. ٤٨ لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو. ٤٩ بەڵام ئەوەی گوێی لێبوو و پەیڕەوی نەکرد، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.»