عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات
١ ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن، ٢ دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی، ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. ٣ چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.
٤ کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»
٥ شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»
٦ کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. ٧ جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.
٨ شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» ٩ پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، ١٠ یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.
عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت* ١١ لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
پاککردنەوەی گولێک
١٢ کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
١٣ عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.
١٤ عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
١٥ بەڵام هەواڵی ئەو زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە. ١٦ بەڵام ئەو دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی و نوێژی دەکرد.
دەسەڵاتی گوناه بەخشین
١٧ ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی* و مامۆستایانی تەوراتیش* کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانای یەزدانیشی تێدابوو بۆ چاککردنەوە. ١٨ چەند پیاوێک هاتن ئیفلیجێکیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. ١٩ کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا* شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.
٢٠ کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»
٢١ مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
٢٢ بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ ٢٣ کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟ ٢٤ بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ* لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ٢٥ دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد. ٢٦ هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن‏ و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»
عیسا بۆ گوناهباران هاتووە
٢٧ لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ٢٨ ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.
٢٩ لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون. ٣٠ بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
٣١ عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. ٣٢ نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»
لەبارەی ڕۆژوو
٣٣ ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»
٣٤ عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ ٣٥ بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»
٣٦ هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدرێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت. ٣٧ کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابە نوێیەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. ٣٨ کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە مەشکەی نوێوە. ٣٩ کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»