ڕۆژی یەزدان
١ یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
«بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە.
جا هەموو لووتبەرزان و بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش و ئەو ڕۆژەش کە دێت،
ئەوان دەسووتێنێت.
نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە.
٢ بەڵام ئێوە کە لە ناوەکەم دەترسن،
خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە.
جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن.
٣ ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم،
ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن،
دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
٤ «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت،
فەرز و حوکمەکان،
کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
٥ «گوێ بگرن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت،
من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم.
٦ دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە،
نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»