شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک
١ یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. ٢ پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
٣ یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»
٤ یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی* لووشدا، خاکەکەشی خوارد. ٥ ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
٦ یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.
یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
٧ ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. ٨ یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «شاووڵ.»
ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
٩ «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
ئامۆس و ئەمەسیا
١٠ جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.» ١١ چونکە ئامۆس وای گوتووە:
«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
١٢ ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. ١٣ بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
١٤ ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. ١٥ بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ ١٦ ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:
«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
١٧ «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»