سەبەتەیەک میوەی گەییو
١ یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام،
سەبەتەیەک میوەی گەییو.
٢ جا فەرمووی:
«ئەی ئامۆس،
چی دەبینیت؟»
منیش گوتم:
«سەبەتەیەک میوەی گەییو.»
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم:
«ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی.
پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
٣ «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین،
تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون،
سەراپا کپە!»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
٤ ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
گوێتان لەمە بێت:
٥ ئێوە دەڵێن،
«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
نرخ زیاد بکەن و
فێڵ لە تەرازوو بکەن،
٦ بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
نەداران بە جووتێک پێڵاو و
بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
٧ یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد:
«هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.
٨ «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
٩ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
١٠ جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش* دەکەمە بەر هەمووتان و
قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
 
١١ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
١٢ جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە.
١٣ لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
١٤ ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
دەڵێن:
”ئەی دان،
سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
”سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
ئیتر هەڵناستنەوە.»