ڕۆژانی کۆتایی
١ «لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکدا نووسرابێت، دەرباز دەبێت. ٢ زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا دەنوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. ٣ تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.
٤ «تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»
٥ ئینجا من کە دانیالم، تەماشام کرد بینیم دوو فریشتەی دیکە ڕاوەستاون، یەکێکیان لەسەر ئەو کەنارەی ڕووبارەکە، ئەوی دیکەیان لەسەر کەنارەکەی دیکە. ٦ یەکێکیان بەو پیاوەی گوت کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو: «کەی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان تەواو دەبێت؟»
٧ ئەو پیاوەی کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو، دەستی ڕاست و دەستی چەپی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە. گوێم لێ بوو سوێندی بەوە خوارد کە هەتاهەتایە زیندووە: «تاکو سێ ساڵ و نیو* . کاتێک هێزی گەلە پیرۆزەکە بە تەواوی شکێنرا، هەموو ئەمانەش تەواو دەبێت.»
٨ من گوێم لێبوو، بەڵام تێنەگەیشتم، ئیتر گوتم: «گەورەم، کۆتایی هەموو ئەمانە چییە؟»
٩ ئەویش گوتی: «دانیال، تۆ بڕۆ، چونکە هەتا کاتی کۆتایی وشەکان لە پەڕتووکی داخراودا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. ١٠ خەڵکانێکی زۆر پاک دەبنەوە و بێ خەوش و پوختە دەبن، بەڵام خراپەکاران لە خراپە بەردەوام دەبن. کەس لە خراپەکاران تێناگات، بەڵام تێگەیشتووان تێدەگەن.
١١ «لە کاتی داماڵینی قوربانی ڕۆژانە هەتا دانانی قێزەونی وێرانکەر، هەزار و دوو سەد و نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت. ١٢ خۆزگە دەخوازرێ بەوەی چاوەڕێ دەکات و دەگاتە هەزار و سێ سەد و سی و پێنج ڕۆژ.
١٣ «بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»