قوڕبەسەر نەتەوەی کەللەڕەق
١ یەزدان دەفەرموێت:
«قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق،
پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە،
داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە
بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن.
٢ دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە
بێ ئەوەی پرس بە من بکەن،
هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون،
لە سایەی میسر پەناگیر بن.
٣ بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و
پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری.
٤ هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن،
نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس،
٥ بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن
لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان،
بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە،
چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.»
٦ سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب:
لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا،
ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت،
مار و ماری ژەهراوی باڵدار،
سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن،
لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان
بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن،
٧ چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر.
لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا:
«ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات».
٨ ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و
لە تۆمارێک نەخشی بکە،
هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە
شایەتێک بۆ هەتاهەتایە.
٩ چونکە گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن،
ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن.
١٠ بە پێشبینیکەر دەڵێن:
«پێشبینی مەکە!»
بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن:
«پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە!
قسەی لووسمان بۆ بکە،
خەونی تەفرەدەر ببینە!
١١ لە ڕێگا لابدەن،
ڕێچکە بەر بدەن،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
لە ئێمە دووربخەنەوە!»
١٢ لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
«ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و
متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و
پشتتان پێیان بەست،
١٣ لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک
دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت،
ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت.
١٤ وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت
بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت،
لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی
پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە
یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.»
١٥ یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:
«بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،
پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،
بەڵام نەتانویست،
١٦ گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“
لەبەر ئەوە هەڵدێن!
گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“
لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!
١٧ لە ڕووی نەڕەی یەک کەس
هەزار کەس هەڵدێت،
لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس
هەمووتان هەڵدێن،
هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و
وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»
١٨ بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!
١٩ ئەی گەل کە لە سییۆن لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. ٢٠ هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. ٢١ کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە پێیدا بڕۆن.» ٢٢ پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»
٢٣ ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. ٢٤ گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. ٢٥ جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. ٢٦ جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.
٢٧ ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات،
تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە.
لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و
زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە.
٢٨ هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە
دەگات بە گەردن،
بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان
بە بێژنگی لەناوچوون و
لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە.
٢٩ گۆرانییەکتان بۆ دەبێت
وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن،
خۆشی دڵیش
وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات
هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان،
بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل.
٣٠ یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و
دابەزینی بازووی ببینرێت
بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر،
بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە.
٣١ چونکە ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت،
بە داردەست لێدەدات.
٣٢ جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری،
ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت،
بە دەف و قیسارەوە دەبێت و
بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت.
٣٣ چونکە چاڵی تۆفەت* لەمێژە ڕێکخراوە،
بۆ پاشا ئامادە کراوە،
قووڵە، بەرینە،
کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە.
هەناسەی یەزدان
وەک ڕووباری گۆگردە
گڕی تێبەردەدات.