قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن
١ قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،
پشت بە ئەسپ دەبەستن،
متمانە بە زۆری گالیسکە و
هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،
بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و
داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.
٢ ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،
لە وشەی خۆی با ناداتەوە.
هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و
بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
٣ بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،
ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.
کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،
یارمەتیدەر ساتمە دەکات و
یارمەتیدراو دەکەوێت،
هەموو پێکەوە لەناودەچن.
٤ ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت
بەسەر نێچیرەکەیەوە،
ئەوەی کۆمەڵە شوان
هاواری لێ دەکەن،
لە دەنگیان ناترسێت و
لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،
ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت
بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
٥ وەک باڵندە فڕیوەکان،
ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،
پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،
بەسەریدا تێدەپەڕێت* و دەربازی دەکات.»
٦ ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە،
٧ چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە،
ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.
٨ «ئاشور دەکەوێت،
بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،
شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.
جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و
گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
٩ قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،
میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»
یەزدان دەفەرموێت،
ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و
تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.