زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!
گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.
٢ با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت بچەسپێت،
دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.
٣ ئەی یەزدان، پاسەوانێک دانێ بۆ دەمم،
دەرگای لێوەکانم بپارێزە.
٤ وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،
نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،
لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن،
لە شتە خۆشەکانی ئەوان ناخۆم.
٥ با پیاوچاک لێم بدات، ئەوە خۆشەویستییە،
با سەرزەنشتم بکات، ئەو وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،
سەرم لاری نییە،
چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.
٦ ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،
ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.
٧ وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،
ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.
٨ چونکە چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،
پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.
٩ بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،
لە تەڵەی بەدکاران.
١٠ با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،
لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.