گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
١ شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
«با بچینە ماڵی یەزدان.»
٢ ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
٣ ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
وەک شارێکی یەکگرتوو.
٤ لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
٥ چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
تەختەکانی بنەماڵەی داود.
٦ داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
٧ با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
ئاسایش لە قەڵاکانت.»
٨ لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
«ئاشتیت تێدابێت!»
٩ لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.