بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
١ ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
٢ چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
٣ نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
٤ میراتی بۆ هەڵبژاردین،
کە شانازی یاقوبە* ، ئەوانەی خۆشویست.*
٥ لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە* ،
یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
٦ گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
٧ چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
٨ خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
٩ سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی* زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.