زەبوورێکی داود.
١ ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
بەبێ دوودڵی.
٢ ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
مێشک و دڵم بپشکنە.
٣ چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.
٤ لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
تێکەڵی دووڕووان نابم.
٥ ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
٦ دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
٧ بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
٨ ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
٩ گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
١٠ ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
١١ بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.
١٢ پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.