بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود
١ ئەی خودای ڕاستودروستم،
کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
٢ ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟*
٣ بەڵام بزانن کە یەزدان پیاوی خۆشەویستی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
٤ کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتان
لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
٥ قوربانی ڕاستودروست بکەن و
پشت بە یەزدان ببەستن.
٦ زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت* .
٧ تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
٨ ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.