١ ڕەچەڵەکی هەموو ئیسرائیل تۆمارکرا و لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا نووسراون. بەهۆی ناپاکییانەوە بۆ بابل ڕاپێچ کران.
دانیشتووانی ئۆرشەلیم
٢ ئەوانەی کە یەکەم جار گەڕانەوە و لەناو زەوی و زار و شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، هەندێک ئیسرائیلی و کاهین و لێڤی و کۆیلەی تەرخانکراو* بوون.
٣ ئەوانەی لە نەوەی یەهودا، لە نەوەی بنیامین، لە نەوەی ئەفرایم و مەنەشە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون، ئەمانە بوون:
٤ عوتەیی کوڕی عەمیهودی کوڕی عۆمری کوڕی ئیمریی کوڕی بانی لە نەوەی پێرێزی کوڕی یەهودا بوو؛
٥ لە شالەحییەکان:
عەسایای نۆبەرە و کوڕەکانی؛
٦ لە نەوەی زەرەح:
یەعوئێل؛
سەرجەم ئەوانەی لە نەوەی یەهودا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون شەش سەد و نەوەد کەس بوون.
٧ لە نەوەی بنیامین:
سەلوی کوڕی مەشولامی کوڕی هۆدەیڤاهوی کوڕی هەسەنوئا؛
٨ یەڤنەیای کوڕی یەرۆحام؛ ئێلەی کوڕی عوزی کوڕی میخری و مەشولامی کوڕی شەفەتیای کوڕی ڕەعوئێلی کوڕی یەڤنییا.
٩ سەرجەم نەوەی بنیامین کە بەپێی ڕەچەڵەکیان تۆمار کرابوون، نۆ سەد و پەنجا و شەش کەس بوون. هەموو ئەم پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.
١٠ لە کاهینەکان:
یەدایا، یەهۆیاریڤ، یاکین،
١١ عەزەریای کوڕی حیلقیای کوڕی مەشولامی کوڕی سادۆقی کوڕی مەرایۆتی کوڕی ئەحیتوڤی لێپرسراوی ماڵی خودا بوو؛
١٢ عەدایای کوڕی یەرۆحامی کوڕی پەشحوری کوڕی مەلکیا و مەعسەیی کوڕی عەدیێلی کوڕی یەحزێرای کوڕی مەشولامی کوڕی مەشیلێمیتی کوڕی ئیمێر.
١٣ سەرجەم کاهینەکان، کە گەورەی بنەماڵەکانیان بوون، هەزار و حەوت سەد و شەست کەس بوون. بە توانا و بەرپرسیار بوون بۆ ئەنجامدانی خزمەتی ماڵی خودا.
١٤ لە لێڤییەکان:
شەمەعیای کوڕی حەشوڤی کوڕی عەزریقامی کوڕی حەشەڤیا لە نەوەی مەراری؛ ١٥ بەقبەقەر و حەرەش و گالال و مەتەنیای کوڕی میکای کوڕی زکری کوڕی ئاساف؛ ١٦ عۆبەدیای کوڕی شەمەعیای کوڕی گالالی کوڕی یەدوتون؛ هەروەها بەرەخیای کوڕی ئاسای کوڕی ئەلقانە، کە لە گوندەکانی نەتۆفاتییەکان نیشتەجێ بوو.
١٧ دەرگاوانەکان:
شەلوم، عەقوڤ، تەلمۆن، ئەحیمەن و براکانیان، شەلوم سەرۆکیان بوو. ١٨ هەتا ئەو کاتەش لەلای ڕۆژهەڵاتی دەروازەی پاشا، ئەوان دەرگاوانی ئۆردوگای نەوەی لێڤی بوون. ١٩ شەلومی کوڕی قۆرێی کوڕی ئەبیاسافی کوڕی قۆرەح و براکانی، ئەوانەی لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان بوون، ئەرکی خزمەت و پاسەوانیێتی بەردەرگاکانی پەرستگاکەیان* لە ئەستۆ بوو، هەروەک چۆن باوباپیرانیشیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەروازەی ئۆردوگای یەزدانیان لە ئەستۆ گرتبوو. ٢٠ پێشتر فینەحاسی کوڕی ئەلعازار سەرۆکی دەرگاوانەکان بوو و یەزدانیش لەگەڵیدا بوو. ٢١ زەکەریای کوڕی مەشەلەمیاش دەرگاوانی دەرگای «چادری چاوپێکەوتن» بوو.
٢٢ هەموو ئەوانەی بە دەرگاوانی بەردەرگاکان هەڵبژێردران دوو سەد و دوازدە کەس بوون و بەپێی ڕەچەڵەکیان لە گوندەکانیاندا تۆمار کران، باوباپیرانیان لەلایەن داود و ساموئێلی پێشبینیکەرەوە لەسەر ئەو بەرپرسیاریێتییە دانرابوون. ٢٣ خۆیان و نەوەکانیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەرگاکانی ماڵی یەزدانیان لە ئەستۆ بوو، ئەو ماڵەی کە پێ دەگوترا «چادری چاوپێکەوتن». ٢٤ دەرگاوانەکان لە هەر چوار لادا بوون، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور. ٢٥ دەبووایە برا لێڤییەکانیشیان بە نۆرە لە گوندەکانیانەوە بێن و لە جێی ئەوان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ پاسەوان بن. ٢٦ بەڵام هەر چوار سەرۆکی دەرگاوانەکان، کە لێڤی بوون، بەرپرسی ژوور و گەنجینەکانی ماڵی خودا بوون. ٢٧ لە چواردەوری ماڵی خودا شەویان بەسەردەبرد، چونکە پاسەوانیێتییان لەسەر بوو، هەروەها هەموو بەیانییەک لێپرسراوی کردنەوەی بوون.
٢٨ هەندێکیشیان لێپرسراوی قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن* بوون، چونکە بە ژمارە دەیانهێنانە دەرەوە و بە ژمارەش دەیانبردنەوە ژوورەوە. ٢٩ هەندێکی دیکەشیان ئەمینداری قاپوقاچاغەکان و هەموو کەلوپەلەکانی پیرۆزگا و باشترین ئارد و شەراب و زەیتی زەیتوون و بخوور و بۆنوبەرام بوون. ٣٠ هەندێک لە نەوەی کاهینەکانیش بۆنوبەرامەکانیان دەگرتەوە. ٣١ مەتیسیا یەکێک بوو لە لێڤییەکان، ئەو نۆبەرەی شەلومی قۆرەحی بوو، بەرپرسیار بوو بۆ ئامادەکردنی نانی پێشکەشکراو. ٣٢ هەندێکیش لە نەوەی قەهاتییەکان، لە برا لێڤییەکانیان، بەرپرسیار بوون لە ئامادەکردنی نانی تەرخانکراو هەموو ڕۆژانێکی شەممە.
٣٣ مۆسیقاژەنەکان کە گەورەی بنەماڵەی لێڤییەکان بوون لە ژوورەکانی پەرستگا جێگیر بوون و لە کاری دیکە بەخشرابوون، چونکە ئەوان بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو سەرقاڵی کارەکەیان بوون.
٣٤ ئەمانە گەورەی بنەماڵە لێڤییەکان بوون، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
بنەچەی شاول
٣٥ یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو.
ژنەکەی ناوی مەعکا بوو، ٣٦ عەڤدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب، ٣٧ گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و میقلۆت، ٣٨ میقلۆتیش شیمەئامی بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
٣٩ نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکی‌شوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل* .
٤٠ یۆناتان مەریڤ‌بەعلی بوو،
مەریڤ‌بەعلیش* میخای بوو.
٤١ ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون:
پیتۆن، مەلەخ، تەحرێیەع و ئاحاز.
٤٢ ئاحاز یادای بوو، یاداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤەت و زیمری، زیمریش مۆچای بوو. ٤٣ مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕافەی بوو، ڕافە ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو.
٤٤ ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە:
عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون.