خۆکوشتنی شاول
١ فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن،
ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.
٢ فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن،
یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکیشوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.
٣ جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو،
تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.
٤ شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت:
«شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە،
نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»
بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو،
چونکە زۆر ترسا.
جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.
٥ کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە،
ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد.
٦ شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.
٧ کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون،
بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون،
شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن،
فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
٨ بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن،
شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.
٩ ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان* برد،
بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد،
تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان.
١٠ ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.
١١ کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،
١٢ هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش.
لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت،
حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.