بەزاندنی میدیانییەکان
١ ئیتر یەروبەعل، واتە گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە. ٢ ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو خەڵکەی کە لەگەڵتدایە بەلای منەوە زۆرن، هەتا میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“ ٣ ئێستاش بانگەواز بۆ خەڵکەکە بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە خەڵکەکە گەڕایەوە و دە هەزار کەس مانەوە.
٤ ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا خەڵکەکە زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.»
٥ گدعۆنیش خەڵکەکەی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان* لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.» ٦ ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، خەڵکەکەی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە.
٧ ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، خەڵکەکەی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.» ٨ ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. ٩ ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. ١٠ ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، ١١ گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. ١٢ میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.
١٣ ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»
١٤ هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە، خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»
١٥ ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو کڕنۆشی برد* و گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» ١٦ ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.
١٧ پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. ١٨ ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»
١٩ ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. ٢٠ سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» ٢١ ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.
٢٢ کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات. ٢٣ ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و کۆبوونەوە و بەدوای میدیانییەکان کەوتن. ٢٤ ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.»
ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون. ٢٥ دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن.