فریشتەی یەزدان لە بۆخیم
١ ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم. ٢ ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟ ٣ لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»
٤ کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان. ٥ بۆیە ئەو شوێنەیان ناونا بۆخیم* و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.
یاخیبوون و بەزین
٦ یەشوعیش گەلەکەی ڕەوانە کرد، ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چووە لای میراتەکەی خۆی بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرێت. ٧ گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
٨ یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. ٩ لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس* لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
١٠ هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو. ١١ ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست* . ١٢ وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خودای دیکە کەوتن لە خوداوەندەکانی گەلانی دەوروبەریان و کڕنۆشیان بۆ بردن. یەزدانیان پەست کرد، ١٣ چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست. ١٤ تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن. ١٥ بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.* ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.
١٦ ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. ١٧ تەنانەت گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان* کرد بەوەی دوای خودایانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. ١٨ هەر جارێک یەزدان ڕابەری* بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. ١٩ بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
٢٠ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «چونکە ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، ٢١ هەروەها منیش ئیتر هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. ٢٢ بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە: ئایا وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن، یان نا.» ٢٣ ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنا و بە خێرایی دەرینەکردن و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.