هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون
١ بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە، ٢ ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن، لەگەڵ موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵدا دوان و گوتیان: ٣ «عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نەبۆ و بەعۆن، ٤ ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.» ٥ هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»
٦ موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟ ٧ بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟ ٨ باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد هەتا تەماشای خاکەکە بکەن، ٩ بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون. ١٠ لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی: ١١ ”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن، ١٢ تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“ ١٣ تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.
١٤ «ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، هەتا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن. ١٥ ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»
١٦ ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر* بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین، ١٧ بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن. ١٨ ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت، ١٩ ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»
٢٠ موساش پێی گوتن: «ئەگەر ئەمەتان کرد، ئەگەر لەبەردەم یەزدان چەکتان بۆ جەنگ هەڵگرت و ٢١ هەموو چەکدارەکانتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، هەتا هەموو دوژمنەکانی لەبەردەمی خۆی دەرکرد و ٢٢ خاکەکە لەبەردەم یەزدان ژێردەستە کرا و لەدوای ئەمە گەڕانەوە، ئەوا سەبارەت بە یەزدان و بە ئیسرائیل ئازاد دەبن لە پابەندییەکەتان و لەبەردەم یەزدان ئەم خاکە دەبێتە موڵکتان.
٢٣ «بەڵام ئەگەر وا نەکەن، ئەوا گوناه لە دژی یەزدان دەکەن و دەزانن خۆتان تووشی چ گوناهێک دەکەن. ٢٤ بۆ خۆتان چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانتان و پشتیر بۆ ماڵاتەکانتان بنیاد بنێن، ئەوەی بەڵێنتان دا بیکەن.»
٢٥ نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن لەگەڵ موسادا دوان و گوتیان: «خزمەتکارەکانت ئاوا دەکەن، وەک گەورەم فەرمانی دا، ٢٦ ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵەکانمان لەوێ لە شارەکانی گلعاد دەبن. ٢٧ بەڵام خزمەتکارەکانت، هەموو چەک هەڵگرەکان لەبەردەم یەزدان بۆ جەنگ دەپەڕنەوە، وەک گەورەمان گوتی.»
٢٨ موساش لەبارەی ئەوانەوە فەرمانی بە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کرد و ٢٩ پێی گوتن: «ئەگەر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن، هەموو چەک هەڵگرەکان بۆ جەنگ، لەبەردەم یەزدان لەگەڵتان لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە. کاتێک خاکەکە کەوتە ژێر دەستتان، ئەوا خاکی گلعادیان وەک موڵک پێدەدەن. ٣٠ بەڵام ئەگەر بە چەکەوە لەگەڵتان نەپەڕینەوە، ئەوا لەنێوتان لە خاکی کەنعان موڵکیان دەبێت.»
٣١ نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «ئەوەی یەزدان سەبارەت بە خزمەتکارەکانت فەرمووی، ئاوا دەکەین. ٣٢ ئێمە بە چەکەوە لەبەردەم یەزدان بۆ خاکی کەنعان دەپەڕینەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەشە میراتمان دەدرێتێ.»
٣٣ ئینجا موسا پاشایەتییەکەی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و پاشایەتییەکەی عۆگی پاشای باشان، تەواوی خاکەکە لەگەڵ شارەکانی و بە سنوورەکانی دەوروبەریەوە دایە نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەی* کوڕی یوسف.
٣٤ نەوەی گاد دیڤۆن و عەتەرۆت، عەرۆعێر، ٣٥ عەترۆت شۆفان، یەعزێر، یۆگبەها، ٣٦ بێت‌نیمرا و بێت‌هارانیان کردە شاری قەڵابەند، پشتیری مەڕیشیان بنیاد نا، ٣٧ نەوەی ڕەئوبێنیش حەشبۆن و ئەلعالێ و قیریاتەیم و ٣٨ نەبۆ و بەعل‌مەعۆن کە ناوەکەیان گۆڕیوە و هەروەها سیڤما، ناویشیان لەو شارانە نا کە بنیادیان ناوە.
٣٩ نەوەی ماکیری کوڕی مەنەشەش چوونە گلعاد و گرتیان، ئەو ئەمورییانەیان دەرکرد کە تێیدا بوون. ٤٠ ئینجا موساش گلعادی دا بە ماکیرییەکان، کە نەوەی مەنەشەن، ئەوانیش تێیدا نیشتەجێ بوون. ٤١ یائیری نەوەی مەنەشەش چوو و دەستی بەسەر ئاوەدانییەکانیاندا گرت و ناوی لێنان حەڤۆت یائیر. ٤٢ نۆڤەحیش چوو و دەستی بەسەر قەنات و ئاوەدانییەکانیدا گرت و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا نۆڤەح.