قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا
١ مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی* خواستبوو. ٢ جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.
٣ موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.
٤ جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. ٥ یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. ٦ جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:
«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
٧ بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
٨ ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»
٩ جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.
١٠ کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول* بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. ١١ هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، ١٢ تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»
١٣ موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»
١٤ یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» ١٥ جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.
١٦ پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.