فەرمانی ڕۆژی شەممە
١ موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، ٢ شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. ٣ لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
کەلوپەلەکانی چادری پەرستن
٤ هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: ٥ لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت، لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ ٦ ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ ٧ پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛ ٨ زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ ٩ بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
١٠ «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: ١١ چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ ١٢ سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ ١٣ مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ ١٤ چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ ١٥ قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛ ١٦ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ ١٧ پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛ ١٨ سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛ ١٩ جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
٢٠ ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. ٢١ دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. ٢٢ هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. ٢٣ هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. ٢٤ کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. ٢٥ هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش بە دەست ڕستنی ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. ٢٦ هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. ٢٧ سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. ٢٨ هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. ٢٩ هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب
٣٠ موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، ٣١ لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک، ٣٢ بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، ٣٣ بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک. ٣٤ فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە. ٣٥ پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.