دە ڕاسپاردەکە
١ خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:
٢ «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.
٣ «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.
٤ «پەیکەر* بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. ٥ کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم* ، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، ٦ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.
٧ «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن* ، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.
٨ «ڕۆژی شەممەتان* لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. ٩ شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، ١٠ بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، ١١ چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.
١٢ «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.
١٣ «مەکوژن* .
١٤ «داوێنپیسی مەکەن.
١٥ «دزی مەکەن.
١٦ «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.
١٧ «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»
١٨ کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. ١٩ بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»
٢٠ موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»
٢١ گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، ئەوەی خودا لەوێ بوو.
پەیکەر و قوربانگا
٢٢ یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام. ٢٣ هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.
٢٤ «”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت* لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم. ٢٥ ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت. ٢٦ بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“