١ یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت. ٢ تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن. ٣ بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر. ٤ فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم. ٥ ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»
٦ موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد. ٧ موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.
گۆچانەکەی هارون دەبێتە مار
٨ یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: ٩ «کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت: ”پەرجوو بکەن،“ تۆ بە هارون دەڵێیت: ”گۆچانەکەت لە دەستت بگرە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“ ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.»
١٠ ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. ١١ فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. ١٢ هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. ١٣ ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
کارەساتی یەکەم: خوێن
١٤ دواتر یەزدان بە موسای فەرموو: «دڵی فیرعەون ڕەقە، ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات. ١٥ بەیانی بڕۆ لای فیرعەون، ئەو دەچێتە لای ئاوەکە، لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە. ١٦ پێی دەڵێیت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی، ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت. ١٧ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: بەمە دەزانیت کە من یەزدانم، ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن. ١٨ ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“»
١٩ یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»
٢٠ موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن. ٢١ ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.
٢٢ جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی. ٢٣ ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. ٢٤ هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.
کارەساتی دووەم: بۆق
٢٥ حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی.