١ یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
٢ هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، ٣ بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بە توانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ـە* لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. ٤ هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. ٥ هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
٦ «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. ٧ هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتان ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. ٨ دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»
٩ موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
١٠ ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: ١١ «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
١٢ بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»*
تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون
١٣ یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان بۆ نەوەی ئیسرائیل و بۆ فیرعەونی پاشای میسر، بۆ بردنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر.
١٤ ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:
نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی، لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.
١٥ نەوەی شیمۆنیش یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.
١٦ ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان: گێرشۆن و قەهات و مەراری. تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
١٧ کوڕانی گێرشۆن، لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.
١٨ نەوەی قەهاتیش، عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل. تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.
١٩ کوڕانی مەراریش، مەحلی و موشی.
ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.
٢٠ عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو. تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
٢١ نەوەی یەسهاریش: قۆرەح و نەفەگ و زکری.
٢٢ نەوەی عوزیێلیش: میشائیل و ئەلسافان و سیتری.
٢٣ هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.
٢٤ نەوەی قۆرەحیش: ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف. ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.
٢٥ ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
٢٦ ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان* لە خاکی میسر دەربهێنن.» ٢٧ ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.
هارون دەبێتە قسەکەری موسا
٢٨ ئەوە بوو لەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسا دوا لە خاکی میسر. ٢٩ یەزدان بە موسای فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»
٣٠ بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»