دوو شایەتەکە
١ پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا،
خوداش پێی فەرمووم:
«هەستە،
پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن.
٢ بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە،
چونکە بە ناجولەکەکان دراوە.
ئەوان چل و دوو مانگ شاری پیرۆز پێشێل دەکەن.
٣ هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.»
٤ ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون.
٥ ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت،
ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات.
هەر کەسێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت.
٦ ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن،
تاکو باران نەبارێت.
هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە هەر کاتێک بیانەوێ بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن.
٧ کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە،
لەگەڵیان دەجەنگێت،
دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت.
٨ هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە،
لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا.
٩ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن،
١٠ هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن،
چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.
١١ بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان،
ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد.
١٢ دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون:
«سەربکەونە ئێرە.»
ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.
١٣ هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما.
حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران،
ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.
١٤ نەهامەتی دووەم نەما،
ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.
کەڕەنای حەوتەم
١٥ فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:
«شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی*،
مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
١٦ ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون،
خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد،
١٧ گوتیان:
«سوپاست دەکەین،
خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا،
ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
١٨ نەتەوەکان تووڕە بوون،
بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن،
بە گەورە و بچووکەوە،
هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»
١٩ پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت.
لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.