سێیەم نامەی یۆحەنا
١ لە پیرەکەوە*،
 
بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.
 
٢ ئەی خۆشەویست،
نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت،
هەروەک دەروونت سەرکەوتووە.
٣ زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا،
هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت.
٤ خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.
٥ خۆشەویست،
تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت،
بە تایبەتی بۆ نامۆکان.
٦ ئەوان لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستیی تۆ داوە.
کارێکی باش دەکەیت کە بەو شێوەیەی لەلای خودا شایستەیە بەڕێیان بکەیت،
٧ چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوونەتە دەرەوە و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە.
٨ بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.
٩ بۆ کڵێسام نووسیوە،
بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم،
پێشوازیمان لێ ناکات.
١٠ بۆیە ئەگەر هاتم،
کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی.
هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە،
بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات،
ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.
دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە
١١ خۆشەویستم،
لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە.
ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە،
ئەوەش خراپە بکات،
خودای نەبینیوە*.
١٢ دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە.
ئێمەش شایەتی دەدەین،
ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە.
 
١٣ زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم،
بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت.
١٤ بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.
 
١٥ سڵاوت لێ بێت.
 
برادەران سڵاوت لێدەکەن.
بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.