یەکەم نامەی یۆحەنا
کورتە باسێک
نووسەری ئەم نامەیە خۆی ناناسێنێ، بەڵام ڕوونە کە یۆحەنای قوتابی عیسا بووە و لەوانەیە لە ئەفەسۆس لە ساڵی (٨٥–٩٠ ز.) نووسیبێتی، لەدوای نووسینی مزگێنیی مەسیح. بۆ زانیاری لەسەر کەسایەتی یۆحەنا بڕوانە پێشەکی مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا.
لەبەر ئەوەی ئەم نامەیە بێ ناونیشانە و بۆ کڵێسایەکی دیاریکراو نەنووسراوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە نامەیەکی گشتییە و بۆ هەموو باوەڕدارانە (بڕوانە ‏٢‏:١٢‏-١٤‏)‏.
یۆحەنا نێردراوی خۆشەویستییە و تەواوی نامەکە لەسەر خۆشەویستی چڕ دەبێتەوە. دەڵێ ئەوانەی باوەڕیان بە عیسا هەیە و خودایان خۆشدەوێ دەبێ یەکتریان خۆشبوێ. بە شێوەیەکی گشتیش نامەکە دوو مەبەستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
١. سەلماندنی ڕاستی سروشتی مەسیح، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ مامۆستایانی درۆزن. «ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن.» ‏(٢‏:٢٦‏)‏.
٢. دڵنیاکردنەوە لەسەر ژیانی هەتاهەتایی. «ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە.» ‏(٥‏:١٣‏)‏.
ئەم نامەیە بۆ چەند بەشێک دابەش دەکرێت:
١. پێکەوە ژیان لەگەڵ باوک و کوڕ ‏(١‏:٥‏–٢‏:٢٩‏)‏.
٢. ژیانی باوەڕدار و ژیانی ڕۆڵەی خودا ‏(٣‏:١‏-٢٤‏)‏.
٣. ڕاستی و چەوتی ڕۆحەکان ‏(٤‏:١‏-٦‏)‏.
٤. ژیانی باوەڕدار و ئەرکی خۆشەویستی ‏(٤‏:٧‏-٢١‏)‏.
٥. ژیانی باوەڕدار و سەرکەوتوویی باوەڕەکەی ‏(٥‏:١‏-١٢‏)‏.
٦. ژیانی باوەڕدار و دڵنیایی لە ژیان ‏(٥‏:١٣‏-٢١‏)‏.