عیسا پایەبەرزترە لە موسا
١ کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز،
ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن،
سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە.
٢ ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد،
هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو.
٣ عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا،
وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە.
٤ لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە،
بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە.
٥ موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو.
٦ بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا* دڵسۆزە،
ئەو ماڵەش ئێمەین،
ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.
ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی
٧ لەبەر ئەوە،
وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:
﴿ئەمڕۆ،
کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
٨ دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
٩ لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە*،
هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
١٠ لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم:
«دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
ڕێگای منیان نەناسی.»
١١ بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»﴾*
١٢ خوشکان،
برایان،
ئاگاداری خۆتان بن،
نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە.
١٣ بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن،
ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،
* تاکو کەستان بە فێڵی گوناە دڵی ڕەق نەبێت.
١٤ بووینەتە هاوبەشی مەسیح،
ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە.
١٥ وەک چۆن گوتراوە:
﴿ئەمڕۆ،
کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.﴾*
١٦ جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟
ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟
١٧ خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟
ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟
١٨ خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟
ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟
١٩ هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.