یەکەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای کۆرنسۆس
کورتە باسێک
کۆرنسۆس شارێکی گەورەی بازرگانی و گەورەترین شاری ویلایەتی ئەخایا بوو. دوازدە پەرستگای لێبووە، یەکێک لە پەرستگاکانی کە ناوی ئەفرۆدیت بوو، کاهینە ئافرەتەکانی وەک ئەرکی ئایینییان کاری داوێنپیسییان لەگەڵ میوانانی پەرستگاکە دەکرد. ئەمەش وای کردبوو کۆمەڵگا پڕ بێت لە بەڕەڵایی و خراپەکاری. پۆڵس لە دووەم گەشتیدا کڵێسای لێ دامەزراند ‏(کردار ١٨‏)‏، کە زۆربەیان لە نەتەوە ناجولەکەکان بوون.
لەدوای دوورکەوتنەوەی پۆڵس لە کۆرنسۆس، گوناهی جۆراوجۆر هاتبووە ناو کڵێسا و هەندێک لە ئەندامانی کڵێسا وایان لێهاتبوو خۆیان لەگەڵ خراپەکانی کۆمەڵگاکەدا دەگونجاند. لەلایەکی دیکەوە، باوەڕدارانی ئەوێ کۆمەڵێک پرسیاریان بۆ پۆڵس ناردبوو. بۆیە پۆڵس لە دەوروبەری ساڵی (٥٥ ز.) لە سەروبەندی کۆتایی سێ ساڵەی خزمەتەکەی، لە ئەفەسۆسەوە ئەو نامەیەی ئاراستەی کڵێساکە کردووە. لە نامەکەدا فێریان دەکات چۆن لە کۆمەڵگایەکی گەندەڵ و پڕ لە گوناهدا بژین. هەروەها تێیگەیاندن چۆن مژدەی مەسیح وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە و چارەسەری بنەبڕی کێشەکان دەکات.
پۆڵس لە نامەکەیدا، لەدوای پێشەکییەکی کورت دێتە سەر یەکێتی و یەک هەڵوێستی باوەڕداران لە سایەی مەسیحی لەخاچدراو و دەڵێ: «هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت.» ‏(١‏:١٠‏)‏. ئینجا دێتە سەر باسی داوێنپیسی لەلایەن هەندێک ئەندامی کڵێساوە کە ئەمە کێشەیەکی بەربڵاو بووە لە کۆرنسۆس (بڕوانە ‏یەکەم کۆرنسۆس ٥‏:١‏)‏. دواتریش باسی ژنهێنان و خواردن و ئینجا باسی شێوی مەسیح و بەکارهێنانی بەهرەی ڕۆحی دەکات، هەروەها دژایەتی فێرکردنی هەڵە دەکات، سەبارەت بە هەستانەوەی دوای مردن. لە کۆتاییشدا باسی ڕێکخستنی بەخشین دەکات بۆ کڵێسای ئۆرشەلیم.