تۆمارە فڕیوەکە
١ دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی.
٢ لێی پرسیم:
 «چی دەبینیت؟»
وەڵامم دایەوە:
 «تۆمارێکی فڕیو دەبینم،
 درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.*»
٣ ئینجا پێی گوتم:
 «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛
 چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە. 
 ٤ یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
 ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات،
 لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە،
 بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“»
ژنێک لەنێو سەبەتەیەک
٥ پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم،
 هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم:
 «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»
٦ لێم پرسی:
 «ئەوە چییە؟»
وەڵامی دامەوە:
 «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.»
 هەروەها گوتی:
 «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»
٧ ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا،
 ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو. 
 ٨ گوتی:
 «ئەمە خراپەکارییە.»
 ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی.
٩ ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات.
 باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو،
 ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە.
١٠ لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم:
 «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟»
١١ ئەویش گوتی:
 «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»